سەردێڕ:

بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان؛ حەماس داوای ئاگربەست دەکات

PM:11:53:01/11/2023

3504 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان پێویستە ئاگربەست رابگەیەنرێت و رێککەوتن بکرێت و بە بەشداری نێوەندگیرەکان بارمتەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن.


رۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە پەیامێکی ڤیدۆییدا رایگەیاند، پێویستە ئاگربەستێک ئەنجام بدرێت بۆ دەستپێکی دانوستانەکان لەبارەی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لە کەرتی غەززەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە رێککەوتنێک بکرێت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان چونکە بەشێک لە بارمتەکانی ئیسرائیل باری تەندروستیان ناجێگیرە.

رۆژی رابردوو، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لە پەیامێکی ڤیدۆییدا سەبارەت بە بارمتەکان رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێک لە دیلە ئیسرائیلی و بیانییەکانی ژێردەستیان ئازاد دەکەن.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە ژمارەی ئەو سەربازانەی لە دوێنێوە، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراون گەیشتووەتە ١٦ سەرباز.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری