وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەپێی نوێترین ئامار بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و فەلەستین چوار هەزار و ١٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەزار ٥٢٤ کەسیان منداڵن.
ئەمڕۆ هەینی، ئەشرەف قودرا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ھێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە بۆ چوار هەزار و ١٣٧ کەس بەرزبووەتەوە و هەزار و ٥٢٤ـیان منداڵن.
لەبارەی بریندارەکانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا ١٣ هەزار کەس برینداربوون
و زیاتر لە هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکانەوە کە زۆربەیان
منداڵن.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و
پێکدادانەکان لەگەڵ فەڵەستین تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
و چوار هەزار ٦٢٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی رابردوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کڵێسای
ئۆرتۆدۆکسی رومی لە غەززە ١٦ کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرەبەیانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گروپی چەکداری حەماس هەزاران موشەکی
ئاڕاستەی ئاسمانی ئیسرائیل کرد و سەدان چەکداری چووە شارە ئیسرائیلییەکانەوە و گرژی
و ئاڵۆزییە چەکدارییەکانی نێوانیان تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.