سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە بنێردرێن و فریاگوزاری بەردەوامیان بۆ دابین بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا لە دەروازەی رەفەح رایگەیاند، دەبێت بارهەڵگرەکانی هاوکاری بە زووترین کات بگەنە کەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە دەکەن
بەمەبەستی دڵنیابوون لە ڕوونکردنەوەی ئەو مەرجانەی کە بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان
دانراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە بنێرن.
وتیشی، "پێویستە دڵنیابین لەوەی کە بارهەڵگرەکان رۆژانە دەچنە ناو غەززەوە
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام فریاگوزاری بۆ دانیشتوانی ئەوێ دابین بکرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئاگربەست رابگەیەنرێت چونکە ئاگربەست ئاسانکاری دەکات بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان
بۆ کەرتی غەززە
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە بێ ئاو و
خواردن و سووتەمەنین، و هێنانەکایەی هاوکارییەکان دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ ئەو کەسانەی لە ئەنجامی جەنگی نێوان
فەڵەستین و ئیسرائیل ئاواربوون .
لە بەرەبەیانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گروپی چەکداری حەماس هەزاران موشەکی
ئاڕاستەی ئاسمانی ئیسرائیل کرد و سەدان چەکداری چووە شارە ئیسرائیلییەکانەوە و گرژی
و ئاڵۆزییە چەکدارییەکانی نێوانیان تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.