سەردێڕ:

سەرەڕای بەردەوامی گەمارۆدانی شارەکە؛ یەکەم کاروانی هاوکارییەکان دەگەیەنرێتە غەززە

PM:05:44:19/10/2023

2172 جار خوێندراوەتەوە

پاش رێککەوتنەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و میسر بە سەدان بارهەڵگر لە دەروازەی رەفەح چاوەڕوانی رێگەپێدانن بۆ گەیاندنی هەزاران تۆن یارمەتی فریاگوزاری بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکانی کەرتی غەززە.


ئەمرۆ پێنجشەممە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ هەزار و ٤٧٨ فەلەستینی گەمارۆی سەر شاری غەززە چڕتربووەتەوە.

هاوکات، میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکرووەتەوە، سەدان بارهەڵگر لەبەردەم دەروازەی رەفەح و عەریش چاوەڕوانی رێگەپێدانن بۆ چونە ناو ناوچە گەمارۆدراوەکان.

دەشڵین، بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە پێداویستی خۆراکیان پێیە و دەبێت بگەیەندرێتە کەرتی غەززە پێش ئەوەی زیانیان پێبگات.

هەر ئەمڕۆ نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی میسر رایگەیاند، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی "یارمەتی مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی رەفحەوە بە شێوەیەکی بەردەوام بهێننە ناو کەرتی غەززە".

لە بەرەبەیانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گروپی چەکداری حەماس هەزاران موشەکی ئاڕاستەی ئاسمانی ئیسرائیل کرد و سەدان چەکداری چووە شارە ئیسرائیلییەکانەوە و گرژی و ئاڵۆزییە چەکدارییەکانی نێوانیان تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.













گەلەری