دوێنێ سوپای ئیسرائیل بۆردومانی نەخۆشخانەی ئەلمعەمدانییەی لە غەززە کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، رووداوەکەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرێت.
دوێنێ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی نەخۆشخانەی ئەلمعەمدانییەی لە غەززە کرد و لەو بارەیەوە ئەشرەف ئەلقودرا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا بەرزبووەتەوە بۆ ٥٠٠ کەس.
لەدوای رووداوەکەوە روسیا و ئیمارات داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان کرد.
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد ئەبولغەیت سکرتێری گشتیی کۆمکاری
عەرەبی ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلی کرد و شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردنیش، سەبارەت بە
جموجووڵی دانیشتوانی غەززە ئاماژەی بەوە کرد، سنوورەکانی خۆیان دەپارێزن و ڕێگە بە
شەپۆلێکی نوێی کۆچ نادەن.
هەر لەبارەی هێرشەکەوە، یونیسێف؛ سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە
یەکگرتووەکان (Unicef)، ئیدانەی هێرشەکەی کرد و داوای ئاگربەستی بەپەلەی
کرد.
هاوکات، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە "پنتاگۆن"
رایگەیاند، "سیستمە ئەمنییەکان دەدەین بە ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس،
بەڵام ئەمە بە واتای کوشتنی کەسانی مەدەنی بێتاوان نایەت."
هاوکات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئیدانەی هێرشکردنە سەر
نەخۆشخانەکەی کرد.
هەر لەبارەی رووداوەکەوە بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، گروپی چەکداری حەماس خۆی بۆردومانی
نەخۆشخانەی ئەلمعەمدانییەی کردووە.
دوابەدوای هێرشەکەش میدیا عەرەبییەکان لە زاری بەرپرسێکی
باڵای فەڵەستینەوە بڵاویانکردەوە، مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین کۆبوونەوەکەی لەگەڵ
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ئوردون دواخستووە و گەڕاوەتەوە فەڵەستین.