یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە پلانی زستانەی ئەمساڵیاندا سیستمی نوێی ئاودێری بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، مەهدی سەحەر یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق باسی لەوەکردووە، پلانی کشتوکاڵی زستانە بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە ئاوییەکان بڕیارە رووبەری یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی بۆ کشتوکاڵ تەرخان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رووبەری یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار دۆنمیان بۆ بەرهەمی گەنم
تەرخانکردووە و و٣٧ هەزار دۆنم بۆ بەرهەمی
جۆ و ١٠ هەزار و ٥٠٠ دۆنم بۆ بەرهەمی سەوزەی زستانە.
ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی چوار ملیۆن دۆنمی دیکە، بە پشتبەستن بە بیر و ئاوی
ژێر زەوی، و لەسەر سیستەمی ئاودێری سەردەمییانە بۆ کشتووکاڵ تەرخاندەکەن.
یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی کشتوکاڵ وتیشی، "لە سەرەتای مانگی
تشرینی یەکەمی داهاتوودا تۆو بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی
پلانی کشتوکاڵی زستانە، جگە لە دابینکردنی قڕکەری بێبەرامبەر بۆ جووتیاران".
ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی کراوە بۆ کڕینی سیستەمی
ئاودێری سەردەمییانەو دابەشکردنی بەسەر جوتیاراندا.
راشیگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی بەروبومی
دانەوێڵەدا، پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو گەیشتن بە خۆبژێوی هەنگاو دەنێت.
چوارشەممەی رابردوو، وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵی عێراق پەسەندکردنی
پلانی کشتوکاڵی زستانەیان بۆ وەرزی کشتوکاڵی زستانە بۆ ساڵی ئاوی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ـی راگەیاند.