ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی بڕیارە قەرز بدەنە هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچە، لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی کۆبونەوە .
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق لە هەژماری تایبەتی فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمرۆی لیژنەی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری هەرسێ بانکی رەشید و رافیدەین و TBI کە بڕیارە قەرز بدەنە هەرێم، لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا
بەڕێوەبەری بانکەکان ئاماژەیان بەوەکرد، بڕیاری ئەنجومەنی
وەزیران بۆ پێدانی ٧٠٠ ملیاری دیناری مانگانە بەشێوەی قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ٩و١٠و١١ پێویستی
بە چەند رێکارێکی کارگێڕی هەیە کە لە چەند رۆژی داهاتوو تەواودەکرێت.
بانکەکان ئەوەشیان خستەڕوو، بۆ پێدانی ئەو قەرزە هێشتا بڕیارنەدراوە لەوەی کە
سووی دەچیتەسەر یاخوود نا بەلام لە بارمتەی ئەو قەرزە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ئەسپاردەیەکی
هاوتای قەرزەکە لەو بانکانە دادەنێت تا کاتی گێڕانەوەی بڕی قەرزەکە لە پاکتاوی
دارایی پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو.
ئەمە لە کاتێکدایە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند،
سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە وردی پێشنیار و
چارەسەری لەپێشینە و درێژخایەنمان بۆ دابینکردنی مووچە خستووەتەروو کە جێگەی
ڕەزامەندی لایەنە عێراقیەکان بووە و وتیشی، " لەگەڵ گەیشتنی ٧٠٠ ملیارەکەی
بەغداد دەست بە دابەشکردنی موچەش دەکرێت".