سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، ئیدانەی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی دەکات و ئەو بۆردوومانە بەزاندنی سنووری عێراق و هەرێمە.
رۆژی دوشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی لە سلێمانی ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "لەبەرامبەر چەند بارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە،
ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و
كوردستان لە ناحەزان بپارێزین."
ئاماژەی بەوەشكرد، داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەن و داواش لە حکومەتی عیراقیش
دەکەن ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە
کوردستانیشەوە جێبەجێبکات.
ئەمڕۆ، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بۆردوومانکراوە و بەهۆیەوە سێ کەس
کوژراون و سێ کەسیش بریندار بوون و لە هەولێریش هێرش کرایە سەر بارەگای کۆنگری نەتەوەیی
کوردستان (کەنەکە) و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا.