سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری سبەی بڵاوکردەوە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش بەشێکە لە بەرنامەکە

PM:07:39:17/09/2023

2340 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری رۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە و بڕیارە دەنگ لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات.


رۆژی یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بەرنامەی کارەکانی رۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە و تێیدا دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکە لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە.

رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی نیسابی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەبوو و دەنگدانە نەکرا.

ئەمڕۆش، ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، واژۆیان لە فڕاکسیۆنە جیاوازەکان کۆکردووەتەوە کە دووبارە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ کارنامەی کۆبووەوەی سبەی زیادبکرێت.

لە رێکەوتی ١٣ی مانگی ئازاری ئەمساڵ لە نوسراوێکدا کە فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە هاتووە، وەزارەتی پلاندانان رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندکردووە و وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و زنجیرەی ژمارە ١٦ـی پێدراوە.

دواتریش لە ٢ـی نیساندا یەکەم خوێندنەوە بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئەنجامدرا و رۆژی پێنجشەممەش دەنگی لەسەر دەدەن.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێم بڕیاریدا شاری هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری وەک قەزای خورماڵ و قەزای بیارە وەک پارێزگا بناسێنێت لە کاتێکدا پێشتر سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە.

رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لەم ماددانە پێکهاتووە:

ماددەی یەکەم: شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە پارێزگا و دەبێتە ١٩هەمین پارێزگای کۆماری عێراق و ناوەندی پارێزگاکەش شاری هەڵەبجە دەبێت.

ماددەی دووەم: لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پێویستە سنووری یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دیاریبکات.

ماددەی سێیەم: لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە بڕگەکانی ئەم پڕۆژەیاسایە جێبەجێبکەن.

ماددەی چوارەم: ئەم پڕۆژە یاسایە لە رێکەوتی دەرچوونی لە رۆژنامەی سەباحی فەرمی جێبەجێدەکرێت.













گەلەری