سەردێڕ:

تورکیا: هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

AM:11:06:15/09/2023

29324 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێم و تورکیادا چاکسازیان تێدا کراوە و بەم نزیکانە دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە.دەشڵێت، "دابەشکردنی داهاتی نەوتی فرۆشراو بە تورکیا پەیوەندی بە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و حکومەتی ناوەندەوە هەیە."


رۆژی هەینی ئاڵپ ئەرسەلان وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئەوەی خستەڕوو، رووپێوی بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم چاکسازی تێدا کراوە و بەم نزیکانە لە رووی تەکنیکیەوە ئامادە دەبێت بۆ کارکردن و دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنی زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پێدانی ئەو قەرەبووەی دادگای پاریس دیاریکردووە بۆ تورکیا گرنگە و ئەگەر پێویست بکات لەبەرامبەر دادگاش پارێزگاری لە خۆیان دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، سازان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی هەناردەکردنی نەوت ئەرکی حکومەتی ناوەند و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمە.

لە ٢٥ـی ئازاری ئەمساڵ دادگای پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە نادەستووری لەقەڵەمدا و دواتر هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا راگیرا و تا ئێستاش دەستی پێنەکردووە.














گەلەری