سەردێڕ:

نوری مالیکی: پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت

PM:11:30:14/09/2023

19772 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغداددا هەیە و پشتیوان بەخوا پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.


رۆژی پێنجشەممە، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کۆبووەوە و دواتر کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

نوری مالیکی باسی لەوەکرد، لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغداددا هەیە و پارە بۆ هەرێم دەنێدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش رۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ناردنی بڕی ٨٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ شەش مانگ بۆ هەرێم دەکرێت. و بەپێی زانیارییەکانیش ناردنی پارەکە پەسەند دەکرێت.

ئەمڕۆ، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دوای کۆبووەنەوەی شاندەکەی لەگەڵ سودانی رایگەیاند، نابێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن، دەشڵێت، " ئێمە پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە و هەمان چاوەڕوانیمان لە بەغدا هەیە."

دواتر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە باسی لەوەکرد، گەشبینە بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی کاربەڕیکەری هەرێم بڕیاری باشی تێدا دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی رەوانە نەکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەدا نانێریت و ٥٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران نارد، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر رەتیکردەوە.













گەلەری