سەردێڕ:

مەزڵوم عەبدی: دۆخی دێرەزور سەقامگیرە

PM:06:32:04/09/2023

2488 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: لە ئێستادا دۆخی دێرەزور ئارامە و هێزەکانیان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیان.


رۆژی دووشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە دیرەزور پارێزراو دەبێت و بە هاوکاری هاوڵاتیان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا بەردەوام لە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی تەل تەمیر و مەنبەج و ئەو هێرشانەش بوونەتە هۆی پشێوی.

دوێنێش باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ سوریا رایگەیاند؛ هەسەدە و هۆزەکانی دێرەزور لەسەر بنەمای راگرتنی گرژییە چەکدارییەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیانی ناوچەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن.

پێشتریش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند: پێویستە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەكدارانی هۆزەكان لە سنوری دێرەزور كۆتاییان پێبهێندرێت و ئارامی و ئاسایش بۆ سنورەكە بگەڕێندرێتەوە و دواتر، قەدەغەی هاتووچۆ لەو ناوچەیە راگەیاندرا.

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ئەم پێكدادانانە بە ئۆپەراسیۆنی "پتەوكردنی ئاسایش" لە سنوری دێرەزور ناودەبەن و بەشێك لە هۆزە چەكدارەكانیش دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە وەستاونەتەوە و چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولا بەڕێوەدەچێت.













گەلەری