لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی نێوان شاندی تورکیا و عێراق وەزیری سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاندووە؛ لە ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ داهاتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت زیاتر لە ٣٦ ملیار دۆلار بووە و داهاتی فرۆشی نەوتی تەنیا ٨٠ رۆژی هەرێمیش دوو ملیار دۆلار بووە.
رۆژی سێشەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپ ئەرسەلان وەزیری سامانە سروشتییەکانی تورکیا کۆبوونەوە و گفتگۆیان لە بارەی پرسە هەرێمییەکانی نێوان عێراق و هەناردەی نەوت و دۆسیەی ئاو چەند پرسێکی دیکەی هاوبەش کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵپ ئەرسەلان وەزیری سامانە
سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاندووە: داهاتی فرۆشی نەوتی ٨٠ رۆژی هەرێمی کوردستان
دوو ملیار دۆلار بووە و داهاتی فرۆشی نەوتیش لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ زیاتر لە ٣٦
ملیار دۆلار بووە.
لە بەرامبەردا حەیان عەبدولغەنی وەزیری سامانە
سروشتییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە تورکیا بە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠
ملیۆن دۆلار قەربووی عێراق بکاتەوە، چونکە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێم ئەنجام داوەو نەوتی هەناردەکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی راگرتنی هەناردەی
نەوتەوە کێشەی ئابوری بۆ هەرێم دروستبووە، بەڵام حکومەتی عێراق پشکی ١٢.٦٧٪ی لە
یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق بۆ هەرێم دیاریکردووە.
لە رێکەوتی ٢٥ی ئازار بە بڕیاری ژووری ناوبژیوانی
نێودەوڵەتی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بە نایاسایی ناسێنرا
و هەناردەی نەوت راگیرا.