سەردێڕ:

نزیکەی هەزار و ٥٠٠ حاجی بە پاس لە عێراقەوە بەرەو سعودییە بەڕێکەوتن

PM:03:40:02/06/2023

1268 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی گشتی گومرگی عێراق رایگەیاند، ئاسانکاریی رێکارەکان بۆ حاجییانی عێراق جێبەجێکراوە و سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی رۆژئاوا سەرپەرشتی کراوە. دەشڵێت، ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ حاجی بە پاس لە عێراقەوە بەرەو سعودییە بەڕێکەوتن.


لەلایەکی دیکەوە دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لە رێگەی ٦٠ پاسەوە هەزار و ٤٣٩ حاجی لە عێراقەوە بە دەروازەی سنووری عەرعەر لە پارێزگای ئەنبار بەرەو شاری مەدینە لە سعودییە بەرێکراون.

هەر لەو بارەیەوە عەبدولئەمیر شەمری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکانیان لەو رێگایانەی پاسی حاجیانی عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، بڵاوەپێکردووە و ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریش ئاگادارییان داوەتە دەروازەی سنووری عەرعەر.

پێشتر فارس جەوهەر بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، لەمساڵدا چوار هەزار و ٦٨٦ کەس لە هەرێمەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی رێورەسمی حەج بەرەو سعودییە بەڕێدەکەون.

هاوکات، لەمساڵدا رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا کراوە کە حاجیانی هەرێمیش بتوانن لە رێگەی پاسەوە گەشتی پەیوەست بە ئەنجامدانی رێورەسمی حەج بکەن.













گەلەری