سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی شەڕەکەی ئەمشەوی هەولێرەوە و ئاسایشیش روونکردنەوەی دا

AM:12:10:02/06/2023

18288 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکان و تۆمەتبارێک چوار ئەندامی هێزەکان برینداربوون. هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەوڵیر دەڵێت، " لەئەنجامی شەڕە تەقەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە".


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، بریندرەکان بە گوللـە بریندار نەبوون، بەڵکو بە شوشە و دار بووە و بریندرەکان رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی کراون و دوو لە بریندارەکان بەهۆی ئەوەی برینەکانیان سەخت نەبووە رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

بەشێک لە شایەتحاڵەکان لە گەڕەکی تەعجیل بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، تۆمەتبارکە بە مادەی ٤٣١ تۆمەتبار بووە و کەسێکی نزیکی لەگەڵ بووە، کەسە نزیکەکەی رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و دەستگیر کراوە، بەڵام تۆمەتباری سەرەکی تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، چەند کەسێک کە لەژوورەوەوی نەخۆشخانەکە بوون پێیان راگەیاندووە، چوار کەس بە برینداری هێنراونەتە نەخۆشخانەکە و چارەسەریان بۆ کراوە و دووانیان بەهۆی ئەوەی برینەکانیان سەخت نەبووە رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، بەڵام دوو لە بریندارەکان تا ئێستا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەبارەی شەڕەتەقەکەی ئەمشەوەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، " هێزەکانمان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسايشی هەولێر لەکاتی دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی (ب،ن،م )کە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆدەرچوە بەپێی ماددەی ٤٣١ هەرەشەکردن لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە کەسێکی نزیکی ئەو تۆمەتبارە ڕووبەرووی هێزەکانمان بووەتەوە بەناوی(ها.ج،م) و لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کراوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمشە و لە گەڕەکی تەعجیلی هەولێر لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارێک لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش چوار کارمەندی هێزەکانی ئاسایش برینداربوون.


ئومێد چۆمانی – هەولێر













گەلەری