سەردێڕ:

راستی و دروستی دەنگۆی کودەتای چەکدارانی ڤاگنەر بەسەر روسیا

وێنە: AFP - یەڤگێنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی چەکداری ڤاگنەر
PM:10:30:30/05/2023

6248 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گروپی چەکداری ڤاگنەر رایگەیاند، گروپەکەیان نیازی هیچ کودەتایەکی سەربازی نییە و لە توانای ئەواندا نییە کودەتا بەسەر وڵاتێکی گەورەی وەک روسیا ئەنجام بدەن.


یەڤگێنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی چەکداری ڤاگنەر رایگەیاند، لە جیهاندا کودەتای جۆراوجۆر هەیە لە ناویاندا کودەتای سەربازی لە سودان کە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و ململانێی چەکداری فراوانی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، گروپی چەکداری ڤاگنەر خاوەن سوپایەکی گەورە نیە تاوەکو کودەتا بەسەر روسیادا بکات و ئێستا هێزی چەکداری ڤاگنەر لەگەڵ سەرۆکایەتی روسیا لە پەیوەندییەکی باشدایە.

ئەوەشی خستەڕوو، ڤاگنەر توانای کودەتای بەسەر روسیادا نیە، بەڵام کەسێک وەک سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا دەتوانێت کودەتا ئەنجام بدات، چونکە دەسەڵاتی بەسەر سوپای روسیادا هەیە.

پێشتر ئیگۆر گیرکین فەرماندەی پێشوی هێزە نیمچە سەربازیەکانی روسیا لە ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەگەری هەیە گروپی چەکداری ڤاگنەر پشێوی بنێنەوە لە روسیا و هەڵبگەڕێنەوە.

بە پێی وتەی بەرپرسە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا، گروپی چەکداری ڤاگنەر لە ٥٠ هەزار جەنگاوەر پێکهاتوون.













گەلەری