سەردێڕ:

واشنتۆن: پشتگیرى هێرش کردنە سەر روسیا ناکەین

وێنە: رۆیتەرز
PM:07:19:30/05/2023

2848 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا ئاشکرای کرد، پشتگیرى هێرش کردنە سەر روسیا ناکەن، کاتێک بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر باڵەخانە بەرزەکانى مۆسکۆ، بەڵام روسیا بەرپرسیارێتى جەنگى ئۆکرانیا هەڵدەگرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنى بلینکن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: بە گشتی ئێمە پشتگیری لە ئەنجامدانی هێرشەکان ناکەین لە ناوخۆی روسیا، ئێمە سەرنجمان لەسەر دابین کردنی ئەو کەلوپەل و مەشق و راهێنانانەی ئۆکرانیەکانە کە پێویستیانە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ سەر خاکەکەیان.

ئەنتۆنى بلینکن، لە میانەى سەردانێکى فەرمى بۆ سوید لە بەردەم رۆژنامەوانان رایگەیاند، روسیا دەبێت بەرپرسیارێتى جەنگى ئۆکرانیا هەڵبگرێت، چونکە دەستپێشخەر بوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە.

لە لایەکى ترەوە، لە چەند کاتژمێرى رابردوودا، سێرگى لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى روسیا رایگەیاند، وڵاتانى رۆژئاوا پاڵپشتى کۆمەڵکوژى دەکەن لە ئۆکرانیا.

لاڤرۆڤ وتیشى، وڵاتانى رۆژئاوا بە شێوەیەکى چڕ هانى ئۆکرانیا دەدەن بۆ تێکدانى سەقامگیرى ناوچەکە، وە ئەوەش بوەتە هۆى کۆمەڵ کوژى لەبەرامبەر ئەو وڵاتە.

وەزیرى دەرەوەى روسیا راشیگەیاند، ئەو پلانەى ڤۆڵۆدەمیر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکرانیا بە هانى وڵاتانى رۆژئاوا پێشتر رایگەیاندبوو، کەوا دەبێت هێزەکانى روسیا لە سەرانسەرى خاکى ئۆکرانا بکشێنەوە بە نیوە دوورگەى کریمیاشەوە، سەر ناگرێت و کۆمەڵکوژى گەورەى لێدەکەوێتەوە.

لە مانگى شوباتى ساڵى ٢٠٢٢ەوە ڤلادمێر پوتین سەرۆکى روسیا جەنگى لە بەرامبەر ئۆکرانیا راگەیاند، بە بیانوى ئەوەى وڵاتانى ناتۆ لە نزیک سنوورەکانى وڵاتەکەى بوونەتە جێگاى هەڕەشە و مەترسى بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانى وڵاتەکەى.













گەلەری