سەردێڕ:

دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵایەکی نەوەی نوێ دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بڕیار دەدات

AM:11:17:30/05/2023

30436 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر سکاڵای نەوەی نوێ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەدات.


سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆبوونەوەی داداگای فیدڕاڵی بۆ بڕیاردانە لەسەر سکاڵاکەی نەوەی نوێ و سکاڵاکەیان لە دادگای فیدڕاڵی و دادگای هەرێم تۆمارکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دانیشتنی پێشوودا کۆمسیۆن بەشداری دانیشتنەکەی کردووە و بە دادگای فیدڕاڵی راگەیاندووە، دەتوانێت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات.

 

سروە عەبدولواحید وتیشی، لە کۆتاییدا بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەرچییەک بێت دەبێت پابەندی بڕیارەکە بن.

بڕیار بوو رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەک دژی درێژکردنەوەی تەمەنی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن نەوەی نوێوە تۆمارکراوە دانیشتن ئەنجامبدات، بەڵام دواخرا.

لە ٣ی ئەم مانگەشدا، دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵای نەوەی نوێ دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٢٤ـی ئایار دواخرا و دادگاکە داواشی کرد، لە دانیشتنەکەدا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادە بێت.

لەبارەی هۆکاری دواخستنەکە لەو کاتەدا چاوگێک هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کارا نییە و لە حاڵەتی بڕیاری نایاساییبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا ئەو کاتە دەبێت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.

لەماوەی رابردوودا، نەوەی نوێ لە رێگای سەرۆکی جوڵانەوەکە و سەرۆک فراکسیۆنەکانی جوڵانەوەکە لە بەغدا و هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرزێکی دیکەی یاسادانان درێژکرایەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە.

هەروەها، لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٢٢ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، لە دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تۆمارکرد.


 













گەلەری