سەردێڕ:

ئاژانسی ئاڕ تی روسی: بە درۆن هێرشکراوەتە سەر مۆسکۆ

AM:09:04:30/05/2023

2684 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ئاڕ تی روسی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر مۆسکۆ و لەلایەن سیستمی بەرگریی ولاتەکەوە درۆنەکان خراونەتە خوارەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی روسیا رایانگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر مۆسکۆ و سیستمی بەرگری وڵاتەکە رووبەڕووی بووەتەوە و توانیویەتی بیانخاتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، توانراوە پێش ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بگەنە ناوەندی مۆسکۆ لە باشور و رۆژئاوای شارەکە تێکبشکێندرێن.

لایخۆشییەوە، سێرگی سۆبانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوونیان پێکاوە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ کارگێڕی سەربازیی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا رایگەیاند، روسیا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر کیێڤ و زیاتر لە ٤٠ موشەکی روسیاشیان لە ئاسمان دا تێکشکاندووە.

 لە ٢٤ی شوباتی ساڵی رابردووەوە جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا بەردەوامە و لەوماوەیەشدا روسیا چەند جارێک هێرشی ئاسمانی توندی کردووەتە سەر کیێڤ.













گەلەری