سەردێڕ:

بانکێک پێشینەیەکى ٢٥ ملیۆن دینارى بۆ فەرمانبەران راگەیاند

PM:05:13:29/05/2023

54068 جار خوێندراوەتەوە

بانکی رافیدەینی عێراق رایگەیاند، بڕیاریان داوە بە پێدانی پێشینە بە فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، ئەوەش لە رێگای سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی بانکى رافیدەینى عێراق بڵاویکردووەتەوە، بڕیاریانداوە بە پێدانی پێشینە بە فەرمانبەرانی ناوخۆ و بەرگری، کە بڕەکەی لە نێوان پێنج بۆ ٢٥ ملیۆن دیناردا دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە، خەرجکردنی پارەکە بە جۆرێک دەبێت، کە دواتر کەسی داواکار پاش تەواو کردنی رێکارەکان، لە رێگای کورتە نامەیەکەوە ئاگادار دەکرێتەوە و پارەکە دەچێتە سەر هەژماری بانکییەکەی لە رێگای "ماستەر کارد"ـەوە.

داواش لە سودمەندانی ئەو پێشینەیە دەکرێت، "سەردانی یەکێک لە لقەکان یان پەنجەرەکانی بانکەکە "، کە ئامێرەکانی پارەیان تێدایە و لە چەند شوێنێکی گشتی دادەنرێن" بکەن، بۆ ئەوەی پارەکە رابکێشن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەریەکە لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە عێراق، بەردەوام پێدانی پیشینە بە فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوڵاتیانی دیکە رادەگەیەنن بەپێی ئەو رێنماییانەی کەسی داواکار دەیگرێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بیناى لقى هەریەک لەو بانکانەى لە شارەکانى هەرێم قۆرخ کردوە و رادەستى بانکەکەى ناکاتەوە، چەندین جار هەریەک لە بانکەکانى رافیدەین و رەشید، ئاماژەیان بەوە کردوە، ئەگەر بێت و بیناکانیان رادەست بکرێتەوە، ئەوا لقى بانکەکانیان لە هەرێمى کوردستان دەکەنەوە و فەرمانبەرانى هەرێمیش دەتوانن سوود لەو پێشینانە وەربگرن، کە ناوە ناوە بانکەکانیان رایدەگەیەنن.

سەرەڕای ئەوانەش لە زۆرێک لە بۆنەکاندا وەرگرتنەوەی مانگانەی پێشینەکان لە هاوڵاتیان رادەگرن، بەشێکی هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن، ئەوە کارئاسانی بۆ کردوون و دەتوانێت زۆرێک لە پێداویستییەکانیانی پێ پڕ بکەنەوە.













گەلەری