سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری نوێ لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر ئاشکرا دەکات

PM:11:57:28/05/2023

5232 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر پەیوەندی بە کێشەی نێوان دوو بنەمەڵەوە هەیە و لە ساڵی رابردووش لەسەر هەمان گرفت چوار کەس لە ناحیەی هەریر کوژراون و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەمڕۆ لەسەر هەردوو دۆسیەکەی لێکۆڵینەوە دەکەن.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ساڵێک لەمەوبەر چەند چەکدارێک لە سنووری ناوچەی هەریر چوار کەسیان کوشتووە و دواتر هەڵهاتوون و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون.

نیوەڕۆی ئەمڕۆش سێ کەس لە شاری هەولێر دەستڕێژی گوللـەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو و دواتر ئێن ئاڕ تی ئاشکرای کرد، ئەو سێ کەسە بە هەڵە تەقەیان کردووە و مەبەستیان کەسێکی دیکە بووە کە پێشتر خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە بووە.

دواتر لە کاتەکانی ئێوارەدا هێزێکی چالاکی ئاسایش و دژەتیرۆر لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە شوێنی ئەو سێ کەسەیان بۆ ئاشکرا بوو کە بەرپرسی رووداوی تەقەکردنەکەی شاری هەولێر بوون و هەرسێکیان لە گوندی کەڵەکینی سەر بە ئیدارەی سۆران دەستگیرکران.

لەبارەی دەستگیرکردنەکەشەوە کەسوکاری تۆمەتبارەکان داوایان لە هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، کردووە، ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە لە ساڵی رابردوو  چوار کەسی نزیکی ئەوانیان لە ناوچەی هەریر کوشتووە و لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر هەردوو رووداوەکە دەستپێکردووە.

رزگار کۆچەر، هەولێر













گەلەری