سەردێڕ:

کڵیچدارئۆغلو: بەشدارییمان لە قورسترین پڕۆسەی هەڵبژاردندا کرد

PM:11:31:28/05/2023

4248 جار خوێندراوەتەوە

کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە قورسترین هەڵبژاردن بووە کە بەشدارییان تێدا کردبێت و هەوڵی زۆریان داوە و بەرەنگاری هەڕەشە و فشار بوونەتەوە، وتیشی، "کێشەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت."


کەمال کڵیچدارئۆغلو لە ناوەندی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە لە ئەنقەرە رایگەیاند، نەیتوانیوە خۆی رادەست بکات لە ئاستی پێشێلکردنی مافەکانی گەلی تورک. وتیشی، "یەک داواکاریم هەیە لێتان بەردەوام بن لە پشتیوانیکردن لە دیموکراسییەت و بێ ئومێد مەبن."

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرگری لە ماف و پێناسی گەلی کورد کردووە و هەوڵیداوە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دابین بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو و تاکو ئێستا ٩٩.٨٥٪ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بەپێی ئەنجامەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری ٥٢.١٦٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا و کەمال کڵیچدارئۆغلو ٤٧.٨٤٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

کەمێک بەر لە ئێستاش دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی بردنەوەی ئەردۆغانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راگەیاند.
















گەلەری