سەردێڕ:

سێ کەس بە تۆمەتی رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر دەستگیرکران

PM:09:39:28/05/2023

14268 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سێ کەس بە تۆمەتی رووداوی تەقەکردن و کوشتنی هاوڵاتییەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئاسایشی هەولێرەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی گەیشتووە، لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە شوێنی هەر سێ تۆمەتبارەکە دۆزراوەتەوە و لە دوای رووداوەکە لە شاری هەولێرەوە بەرەو گوندی کەڵەکن بەڕێکەوتوون و لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێر لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەى هەولێر، لە نزیک گەڕەکی ٣٢ی پارک، دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب کرا و بە هۆیەوە کەسێک کوژرا و یەکێکى تر برینداربوو.

هاوکات، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ وردەکاریی لەسەر رووداوەکە ئاشکرا کردبوو و بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو کەسە ئۆتۆمبێلی کەسێکی کڕیوە کە کێشەی لەگەڵ چەند کەسێک هەبووە و لەلایەن ئەو سێ تۆمەتبارەوە چاودێری کراوە و تەقەیان لێکردووە بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن کە کەسی مەبەست نییە.

رزگار کۆچەر، هەولێر













گەلەری