٪٩٨.٣٨ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جیاکرانەوە و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بە بەدەستهێنانی رێژەی ٪٥٢.١ی دەنگەکان؛ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و بۆ سێیەم جار بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە.
رکابەری ئەم خولەی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ کاندیدی هاوپەیمانی میللەتدا بوو.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆی رکابەری ئەردۆغان رێژەی ٪٤٧.٩ی
دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئەمڕۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ئەوەی لە خولی یەکەمدا و لە ١٤ی
ئایاردا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیاتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن. کە ئەمەش
دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلایی کردنەوەی
هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ خولی دووەم هەڵبژاردن ببرێت.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٩.٥٢٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا
و کەمال کڵیچدارئۆغلو ٤٤.٨٨٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
بەپێی یاساکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەسەر یەکێک لە کاندیدەکانی
سەرۆکایەتی کۆمار پێویستە ٥٠+١٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی وەک براوە هەژمار
بکرێن.
لەماوەی پێشووشدا، سینان ئۆغان کاندیدی
هاوپەیمانی ئاتا بۆ خولی یەکەمی سەرۆک کۆمار؛ دەنگی هاوپەیمانێتییەکەی خستە پاڵ
هاوپەیمانێتی کۆمار و پاڵپشتی خۆی بۆ ئەردۆغان راگەیاند.