سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی رابردوی بڵاوکردەوە

AM:10:41:28/05/2023

4928 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیسانی رابردوو دا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیانراوێک دا ئاماژەی بەوە کرد ، لە مانگی نیسان دا ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە و داهاتەکەی حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە.

باسی لەوەش کردووە، بەرهەمی رۆژانەی نەوت بە تێکڕا سێ ملیۆن و ٢٨٨ هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە و بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە ٧٩ دۆلار و ٤ سەنت فرۆشراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بڕە بەرمیل نەوتە لە کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بەرهەمهێنراوە و نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنییەوە نەفرۆشراون.

لە مانگی ئازاریشدا عێراق ١٠٠ ملیۆن و ٩١٣ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشت و داهاتەکەی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بوو.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە لە بارەی نایاسایی بوونی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی هەرێم نەوتی رادەستی بەغدا کردووە تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردووەتەوە.

فه‌رهاد عه‌لادین راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە لە لێدوانێک دا بۆ میدیا جیهانییەکان باسی لەوەکرد، لە سەرەتا دا تورکیا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی دواخستووە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک لە بارەی ئەو ١.٥ ملیار دۆلارەی وەک غەرامە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاش ئەوەی رێککەوتنەکە نەکراوە تورکیا پێی وتوون بەهۆی کێشەی هونەرییەوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت ناکەنەوە، دەشڵێت، "رەنگە ئێستا هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاری لە پێشینەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بێت و سەرقاڵی کێشەی بۆرییە نەوتەکان نەبن".













گەلەری