سەردێڕ:

وتەبێژی زێرەنگەرانی هەولێر: ئێستا کاتێکی باشە بۆ کڕینی زێر

AM:09:18:28/05/2023

90260 جار خوێندراوەتەوە

ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکان بە هەزار و ٩٤٦ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و وتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێریش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێستا کاتێکی باشە بۆ کڕینی زێڕ.


ئەمڕۆ یەکشەممە، هەندرێن وەرتێ، وتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانیت باش کوردستان لە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سیاسەتی نێوان کۆماری و دیموکراتییەکان لە ئەمریکا کاریگەری هەیە لەسەر دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا بەهۆی رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتییەکان بەهای زێڕ دابەزیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢١ بە ٤٢٥ هەزار دینارە و عەیاری١٨ بە ٣٥٥ هەزار دینارە و مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٤٧٥ هەزارە دینارە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهای زێڕ لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە هەیە و بە دابەزینی بەهای دۆلار بەهای زێڕیش دادەبەزێت.

هەندرێن وەرتێ وتیشی، "پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو بەهای زێڕ دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەگەر ئێستا توانای داراییت هەبوو ئێستا کاتێکی باشە بۆ کڕینی زێڕ".

ئەوە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهای ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو و بە دوو هەزار و ٥٠ دۆلار مامەڵەى پێوە کرا.

هاوکات، بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و ئوسترالیا و سەرەڕای نارەزای و نیگەرانی بازرگانان، بەڵام بانکی ناوەندی ئەمریکا ٢٥ خاڵ سوودی بانکی بەرزکردەوە.













گەلەری