سەردێڕ:

رێبوار ئەورەحمان: بە هەوڵی دوو مانگی نەوەی نوێ پاشکەوتی موچە خرایە بودجەی عێراق

PM:08:14:27/05/2023

2796 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نەوەی نوێ دوو مانگ کاری بۆ جێگیرکردنی گەڕاندنەوەی پاشەکەوت کردووە لە بودجەدا و ئەگەر پارتی و یەکێتی کێشەی بۆ دروست نەکەن، پشکی هەرێم بەشی دابەشکردنی مووچە و پاشکەوتی موچە و پڕۆژەکانیش دەکات.


رێبوار ئەورەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا وتی، پێش ئەوەی بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشکەوتی موچە بخرێتە پڕۆژە یاسای عێراقەوە نەوەی نوێ رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ وەرگرتووە و لە نێو پەرلەمانتارانی عێراق واژووی بۆ کۆکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆی ٢٣ ئەندامی لیژنەی دارایی ١٣یان واژۆیان لەسەر داوای گەڕاندنەوەی پاشکەوتی موچە کردووە و هەر بە ئاسانیش نەخراوەتە پڕۆژە یاسای بودجەوە بەڵکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ دوو مانگ کاری بۆکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، "بە هەوڵی نەوەی نوێ دوای دوو مانگ پێشنیازی گەڕاندنەوەی پاشکەوتی موچە خرایە ناو پڕۆژە یاسای بودجە کەچی یەکێتی خۆی کردووە بە خاوەنی دەستکەوتەکە ئەگەر راستیان بکردایە ئەوان لە ئەنجوومەنی وەزیران خاوەن پۆستن و دەیانتوانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی بکەن نەک لە پەرلەمان بیکەن بە ناوی خۆیانەوە."

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە لەلایەن لیژنەی داراییەوە خراوەتە نێو بودجە و حکومەتی هەرێم پابەندکراوە کە ١٠٪ی پاشکەوت لە کاتی دابەشکردنی هەر موچەیەکدا بگەرێنێتەوە و ئەوان لە دوای پەسەنکردنی لە پەرلەمانیش بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان تاکو حکومەتی هەرێمیش جێبەجێی دەکات.

رێبوار ئەورەحمان وتیشی، "پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بەشی دابەشکردنی موچە و پاشکەوتی مووچە و پڕۆژەکانیش دەکات."

ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو پشکەی لە بودجەی عێڕاق بۆ هەرێم دابینکراوە بوژاندنەوەی ئابوری لە هەرێم دروست دەکات و ئەگەر کێشەشی بۆ دروست بێت ئەوا لە ئەستۆی یەکێتی و پارتییە و هەر ئەوانیش لە ئێستادا کێشەیان بۆ هەڵبژاردن دروستکردووە.

دەشڵێت، وردەکاری بودجەی ئەم جارە زۆرە، چونکە بۆ ماوەی سێ ساڵە و پێویست بە گفتوگۆی زیاتر دەکات لە بارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و بودجەی تایبەتی وەزارەتەکان و ئەم بودجەیە چارەسەری گرفتی زۆر کۆکردووەتەوە بۆیە درێژەی خایاند.













گەلەری