سەردێڕ:

قاسم ئەعرەجی وردەکاری سەردانەکەی بۆ سلێمانی ئاشکرا کرد

PM:06:30:27/05/2023

13228 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم کۆبووەتەوە و راپۆرتی کاروباری ئەمنی ئەم ماوەیەیان خستووەتەڕوو هەرێمی کوردستانیش پابەندی خۆی بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دووپاتکردووەتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە رابەرایەتی شاندێکی دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی شاری سلێمانی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم کۆبوونەتەوە و بەرپرسانی هەرێم راپۆرتێکیان لەسەر ئەو رێکارە ئەمنیانەی گرتوویانەتە بەر خستەڕوو بە هەمان شێوە دەزگا عێراقییەکانیش راپۆرتی کاروبارەکانیان باسکرد.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری ناوخۆی هەرێم پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دووپاتکردووەتەوە.

پێشتر دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکراکردبوو، کە بڕیارە لەماوەى چەند رۆژى داهاتودا قاسم ئەعرەجی راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەردانى ئێران بکات، لە دواى هەڕەشەکانى ئێران بەوەى عێراق لە رێککەوتنى تایبەتى بە حزبەکانى رۆژهەڵاتى جێبەجێ نەکردووە.













گەلەری