لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەنگدان لەسەر بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بووە و ئەمڕۆ رادەستی پەرلەمان دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ماددەکانی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بە گۆڕانکارییەوە دەنگیان لەسەر دراوە و پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕازی بووە، ئێستا پڕۆژەیاساکە ئامادەیە بۆ ئەوەی رادەستی پەرلەمان بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە،
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەستکاری نەکراوە و رێژەکەی ٪١٢.٦٧ـە، دەبێت هەرێم
رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل وەک پشکی نەوتی بفرۆشێت لەکۆی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل و ئەو بەشەی دیکە پارێزگاکانی
دیکە پڕی دەکەنەوە.
لەبارەی گرێبەست
لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتی، دەسەڵاتی ئەنجامدانی
گرێبەست لای وەزارەتی نەوتی عێراقە و داهاتەکەش دەچێتە ناو هەژمارێکی بانکی ناوەندی
عێراق و دەسەڵاتی بەکارهێنانی لە دەستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستاندا دەبێت.
کازمی باسی لەوەشکرد،
بڕگەیەک زیادکراوە کە بریتیە لە رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی موسڵ و کەرکوک و چەند
بڕگەیەکی دیکەی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و گێڕانەوەی بۆ حکومەتی ناوەندی.
سەبارەت بە گێڕانەوەی
پاشکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، رایگەیاند، بڕگەیەک زیادکراوە کە دەبێت حکومەتی
هەرێم مانگانە ٪١٠ی پاشکەوتی موچەی فەرمانبەران بگێڕێتەوە و کە بەسەر فەرمانبەراندا
سەپێندرابوو.
لایخۆشییەوە، جەمال
کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە، بودجە رادەستی پەرلەمان
دەکرێت، چونکە هەندێک ماددە هەیە تەواو نەکراوە و دەبێت لە پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر
بکرێت.
بڕیاربوو، ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە دەنگندان
لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بەڕێوەبچێت، بەڵام دوێنێ شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی
عێراق بە میدیاکانی نزیک لە پارتی راگەیاند، دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە،
رۆژی ٢ی نیسان دوای خوێندنەوەی دووەمی، پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی لیژنەی دارایی
کراو و دوای نزیکەی دوو مانگ لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی ئەمڕۆ ٢٧ی ئایار کارەکانی
پڕۆژەیاساکە تەواو کراوە و دەنگ لەسەر سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە دراوە و دوای
گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمانی عێراق دانانی وادەی پەسەندکردنی، پڕۆژە یاساکە تێدەپەڕێندرێت.
هاوکات، رۆژی ١٣ی
ئازار، حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرد
و رەوانەی پەرلەمان کرا.
بودجەی عێراق لە
پڕۆژە یاساکەدا بە زیاتر لە ١٩٨ ترلیۆن دینار دانراوە و گەورەترین بودجەی عێراقە و
تیایدا پشکی هەرێم بە لە ٪١٢،٦٧ دانراوە و بەهای بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە
و بەهای ١٠٠ دۆلاریش بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیرکراوە.