سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق

PM:07:42:26/05/2023

19668 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گەیشتووەتە کاتژمێرەکانى کۆتایی پەسەندکردنى پرۆژەیاساى بودجە و سەرۆکى پەرلەمانیش دەلێت، ئەمشەو یان سبەینێ راپۆرتى کۆتایی تەواو دەبێت.


ئەمڕۆ هەیەنی چاوگێک لە لیژنەى دارایی بە ئێن ئاڕتى وت، هیچ کێشەیەک لە نوسینى راپۆرتى کۆتایی پرۆژەیاساى بودجە نەماوەتەوە و لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا تەواو دەبێت.

لەلایەکى دیکەوە، محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە میدیاى فەرمى پەرلەمانى راگەیاند، کە لەگەڵ لیژنەى دارایی قسەى کردووە و گەیشتوونەتە قۆناغى کۆتایى نوسینى راپۆرت لەسەر پرۆژەیاساکە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەیە سبەینێ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، بۆ سێ ساڵی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.

نوسینى راپۆرت لەسەر پرۆژەیاساى بودجە دواى ئەوەدێت لەسەر داواکارى نەوەى نوێ بڕگەیەک بۆ گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى موچە زیاد زیادکرا، کە مانگانە بڕى ١٠٪ـی پاشەکەوتى موچە بدرێتەوە، سەربارى دژایەتى یەکێتى و پارتیش پێشنیازەکەى نەوەى نوێ لە دەنگى لەسەر درا.

لە ١٣ـی ئادار سەرۆک وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجە دا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دا دەبێت.













گەلەری