سەردێڕ:

راپۆرتێکی بەریتانی: هەزار سەربازی روسی لە بەرەكانی جەنگی ئۆکرانیا هەڵاتون

AM:11:02:26/05/2023

2568 جار خوێندراوەتەوە

چەند چاوگێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بڵاویان کردەوە، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا هەزار سەربازی روسی لە بەرەی جەنگی ئۆکرانیا هەڵاتون.


ئەمڕۆ هەینی، میدیا بەریتانیەکان لە زاری چەند چاوگێکی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان رایانگەیاند، لە پێنج مانگی ئەمساڵ دا، هەزار سەربازی روسی بەرەی جەنگیان بەجێهێشتووە کە ئەو ژمارەیە لە ژمارەی سەربازە هەڵاتووەکانی ساڵی رابردوو زۆرترە.

باس لەوەش کراوە، ئێستا دۆسیەیی هەزار و ٥٣ سەربازیان هەیە، کە بە بێ مۆڵەت بەرەکانی شەڕیان بە جێهێشتووە و دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ بە دوایاندا دەگەڕێن و لەکاتی دەستگیر کردنیان دا، ئەو سەربازانە زیندانی دەکرێن و بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین، سزای ئەو کەسانەی لە شەڕدا هەڵدێن لە نێوان ١٠ تاکو ١٥ ساڵ زیندانی کردن دەبێت.

لە راپۆرتەکە دا ئەوە هاتووە، "سەربازانی روسیا چەکی کۆنیان پێدەدرێت و خواردنێکی کەمیان هەیە و هەندێک جار داوای خواردن لە گوندنشینان دەکەن و سەربازەکان ورەی شەڕکردنیان نیە".

ئەوە لە کاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین جەنگی ئۆکرانیا هەڵگیرسا و بۆ ئەوەش روسیا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەناردە بەرەکانی جەنگ، سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایی و رەتکردنەوەی چوون بۆ بەرەکانی شەڕ.

هاوکات روسیا، سەربازی ئەو وڵاتانەی لە ژێر هەژموونی خۆیدان بەکاردەهێنێت لە بەرەکانی جەنگی روسیا وەک بیلاڕوس و چیچان و چەندین هێزی دیکەی نافەرمیشی هەیە، وەک هێزی سەربازی "ڤاگنەر"، کە بەپێی ئەو هەواڵانەی باس دەکرێت وەزارەتی بەرگری روسیا نیوەی پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکات.













گەلەری