سەردێڕ:

عێراق و سعودیە پەیامێکیان ئاڕاستەی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس کرد

PM:07:45:25/05/2023

1176 جار خوێندراوەتەوە

سعودیە و عێراق داوا لە وڵاتانی ئۆپیک پڵەس دەکەن پابەند بن بە رێککەوتن و بڕیارەکانی هاوپەیمانییەکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سعودیە و عێراق پەیامێکی هاوبەشیان ئاڕاستەی ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس کرد و دوایان کردووە پابەند بن بە رێکەوتنی رێکخراوەکە لە خزمەت کردنی بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران لە پێناو پشتیوانی کردن لە گەشە کردنی ئابوری جیهانی.

راگەیەنراوە هاوبەشەکەی سعودیە و عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، گرنگە بەردەوامی بە هەماهەنگی و پابەندبوونی هەموو وڵاتانی رێککەوتنامەی ئۆپیک پڵەس بدرێت.

لە رێکەوتی ٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکرێتەوە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە کاری پێدەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە هەریەکە لە لایەنەکانی عێراق و سعودیە بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی پێکبەستی کارەبای سعودیە-عێراق، بە رێژەی هەزار مێگاوات ئەویش لە رێگەی واژۆکردنی رێککەوتنامەیەکی ستراتیژى.

ئەمڕۆش وەزارەتی نەوتی عێراقی ئەرکی بەرهەمهێنانی غازی یەکێک لە گەورەترین کێلگە غازییەکانی عێراقی بەخشی بە کۆمپانیای وەبەرهێنانی وزەی ئارامکۆی سعودی.

هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس بریتین لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان وەک وڵاتانی (ئازەربایجان، بەحرەین، برۆنای، کازاخستان، مالیزیا، مەکسیک، عومان، روسیا، باشوری سودان، سودان، روسیا).













گەلەری