سەردێڕ:

دوو پارتی کوردی پاڵپشتی خۆیان بۆ کاندیدێکى هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا یەکلایی کردەوە

PM:05:24:25/05/2023

5552 جار خوێندراوەتەوە

پارتی دیموکراتى گەلان و پارتی چەپی سەوز پاڵپشتی خۆیان بۆ کەمال کڵیچدارئۆغلو لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا دووپات کردەوە و هاوسەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە-ش دەڵێت، "ئەردۆغان هەرگیز نابێت بە هەڵبژاردەی ئێمە."


هەریەکە لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی چەپی سەوز کە هەردووکیان دوو پارتی کوردی باکورن رایانگەیاند، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا پشتیوانی لە کەمال کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەکەن.

لەوبارەیەوە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە رایگەیاند، "ئەردۆغان هەرگیز نابێتە هەڵبژاردەی ئێمە و دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سیستەمی یەک پیاوی دەگۆڕین."

ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنەکانی رۆژى یەک شەممە ٢٨ی ئایار تایبەتمەندە، چونکە پەیڕەوکەری سیستەمی دیموکراتی و پارێزەرانی سیستەمی یەک پارچەیی ئێستا جیادەکاتەوە.

بوڵدان باسی لەوەش کرد، بە پلەی یەک پارێزگاری لە ئیرادەی گەل دەکەن جا بارودۆخ هەرچۆنێک بێت و خەباتی ئەوان لە پێناو داهاتویەکی هاوبەشی دیموکراتی بەردەوام دەبێت.

لە ماوەی رابردووش سینان ئۆغان سەرۆکی پارتی یەهەپەی تورکی و هاوپەیمانى ئاتا، پشتیوانی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا دەربڕی و وتی، "دەنگ بە ئەردۆغان دەدەم."

ئێستا پڕۆسەی دەنگدانی پەیوەست بە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا لە دەرەوەی وڵاتەکە کۆتایی هاتووە و لە ٢٨ی مانگ پڕۆسەی دەنگدان لە ناو وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت.

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری ٤٩.٣١٪ی دەنگەکانی بە دەستهێنا و کەمال کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میلەت ٤٤.٩٨٪ی دەنگەکانی بە دەستهێنا.













گەلەری