سەردێڕ:

کەشتیەکی دیکە نۆکەندی سوێسی داخست

PM:04:49:25/05/2023

4004 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە کەشتیەکی بارهەڵگر لە نۆکەندی سوێس گیری خوارد و نۆکەندەکی بۆ ماوەیەک داخست.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، دەستەی کارگێڕیى کەناڵی سوێسی میسری رایگەیاند، کەشتیەکی چینی کە درێژییەکەی ١٩٠ مەترە لە نۆکەندەکەدا گیری خوارد و رێڕەوەکەی داخست کە لە دوایەوە چوار کەشتی دیکە هەبوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای کاتژمێرێک و ١٦ خولەک توانیویانە رێڕەوەکە بکەنەوە و هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی ببێتەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە، لە رۆژی ٢٣ی ئازاری ساڵی ٢٠٢١ کەشتیەکی دیکە کە خاوەندارییەکەی ژاپۆن بوو لە نۆکەندی سوێس گیری خوارد و بزوێنەرەکەی لەکار کەوت و دوای هەفتەیەک توانرا بخرێتەوە سەر رێڕەوەکەی خۆی.

ئەمە سەربارى ئەوەى نۆکەندەکە لەو ساڵەدا تووشى کێشە بوو بەهۆى داخستنییەوە، بەڵام بە گوێرەى لێدوانى ئوسامە رەبیع سەرۆکى دەستەى کارگێڕى نۆکەندى سوێس کە بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرای کرد بوو، بە پێى ئامارەکان، لە ساڵى ٢٠٢١ دا نۆکەندى سوێس ژمارەى پێوانەیی لە داهات دا تۆمار کردووە، بە جۆرێک داهاتى ساڵەکە ٦ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، هەروەها داهاتى نۆکەندى سوێس لە ماوەى ١٠ ساڵى رابردوو دا ٦٥ ملیار دۆلارى کۆکردوەتەوە.

لە ساڵى 2021دا، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی جیهان بە رێژەى ٣.٧% زیادى کردووە.

نۆکەندی سوێس کەناڵێکی دەست کردە کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا دروست کراوە بۆ بەستنەوەی دەریای سوور بە دەریای نێوەڕاست، کەناڵەکە لە ساڵی ١٨٥٩ دەست بە دروست کردنی کراوە و لە ١٨٦٩ بەڕووی کەشتییەکان دا کراوەتەوە.













گەلەری