سەردێڕ:

نوێنەری هەرێم لە ئەمەریکا: لە بارەی مافی مرۆڤ و چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئەمەریکا رەخنەی لە هەرێم هەیە

بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا
PM:08:42:24/05/2023

5440 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رایگەیاند، زۆربەی رەخنەکانی ئەمەریکا لە هەرێم و عێراق لەسەر پرسی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رێککەوتنامەی شنگالە و لە مانگی داهاتوو بەرپرسانی هەرێم سەردانی ئەمەریکا دەکەن و وتیشی، "لە کاتی ریفراندۆم ئەمەریکا لێدوانی توندی ئاڕاستەکردووین".


بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە.

هەروەها لە هەفتەی رابردوو لەگەڵ بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەوان و ئەمەریکا بەردەوام بەهێز دەبێت و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە.

وتیشی، "رەخنەکانی واشنتۆن زیاتر لە بارەی رێککەوتنامەی نۆژەن کردنەوەی شەنگال و پێشێل کردنی مافی مرۆڤە لە هەرێم و عێراق".

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئەمەریکا داوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و حکومەتی هەرێمیش لە جموجۆڵ دایە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو چاکسازییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی دارایی پێویستەوە کاروبارەکان دواکەوتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی گرنگە و پێویستە ئەنجام بدرێ و ئەگەر ئەو پڕۆسەیە ئەنجام نەدرێ هەرێمی کوردستان شەرعیەت لە دەست دەدات و فشارەکانی ئەمەریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە لە کاتی خۆی لە جێی خۆیەتی و پاساو بۆ هیچ رەخنەیەک ناهێننەوە.

باسی لەوەش کرد، لە مانگی حوزەیران و تەمموزی ئەمساڵ بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی ئەمەریکا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی دوایین گۆڕانکاریەکان لە دۆخى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوو وڵات.

بەیان سامی عەبدولرەحمان روونیشی کردەوە، دوای شەش مانگ لە ریفراندۆمی هەرێم گفتوگۆی توند لە نێوان نوێنەرانی هەرێم و بەرپرسانی ئەمەریکا هەبوو، بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەران بوون لە ئەنجام دانی ریفراندۆمی هەرێم، بەڵام ئێستا ئەو قۆناغە تێپەڕێندراوە و باسی ریفراندۆم بە هیچ شێوەیەک ناکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەگەر یاداشتنامەی دەستە خوشکی نێوان شاری ناشڤیل و هەولێر واژۆ بکرێت، ئەوا هونەرمەندەکانی شاری هەولێر دەتوانن هێڵێکی پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندەکانی ناشڤیل دروست بکەن و ژووری بازرگانی هەولێر دەتوانێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ ژووری بازرگانی ناشڤیل و پردی بازرگانی دروست بکرێت و خوێندکارانی هەرێم بۆ خوێندن بێنە ناشڤیل.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە پێگەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا بە شێوەیەکی نەرێنی باس لە دۆخی عێراق کراوە و داوا لە خەڵکی ئەمەریکا کراوە سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن و نوێنەرایەتی هەرێم لە ئەمەریکا داوای کردووە هەرێمی کوردستان لەو باسانە دووربخاتەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەرێمی کوردستان بە ئەمەریکا بناسرێت.













گەلەری