سەرۆک کۆماری چین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی روسیا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دووپات کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی چینی نوێ بڵاوی کردەوە، چی جین بینگ سەرۆک کۆماری چین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ میخائیل میشوستینی سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی روسیا دەکات.
سەرۆک کۆماری چین ئاماژەی بەوەش کردووە، هەریەکە لە چین و روسیا
بەردەوام دەبن لە پێشکەش کردنی پشتیوانی جێگیر بۆ یەکتر لە بارەی دۆسیەکانی
پەیوەست بە بەرژەوەندی هاوبەشی بنەڕەتی هەردوولا.
لای خۆیەوە میخائیل میشوستینی سەرۆک وەزیرانی روسیا ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندییەکانی
نێوان چین روسیا بە هێزە و داواکارە جووڵەی بازرگانی لە نێوانیان زیاد بکات.
ئەم سەردانەی حکومەتی روسیا بۆ چین لە پێناو پتەو کردنی هەماهەنگی بازرگانییە
لەگەڵ چین و زیاتر ئەم پەیوەندییە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیاوە سەری هەڵداوە.
بە بڕوای شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەهۆی تەنهایی
روسیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی چین بووە بە لایەنی بەهێزترینی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو
وڵاتە.