سەردێڕ:

ئەمریکا بەبڕی ٢٤٥ ملیۆن دۆلار یارمەتی پێشکەش بە سودان دەکات

PM:03:01:24/05/2023

1204 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەبڕی ٢٤٥ ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە سودان و وڵاتانی دراوسێی دەکات، کە بەهۆی ململانێی چەکدارییەوە رووبەرووی قەیرانی مرۆیی بوونەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، پشتیوانییە بەردەوامەکانیان بۆ سودان و وڵاتانی دراوسێی؛ لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانەیە کە ئەمریکا دابینیکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ململانێیانەی لەماوەی رابردوودا لە سودان دروستبوون.

ئەوەش باسکراوە، ئەو یارمەتییە مرۆییە ئەمریکا پێشکەشی بە سودان و وڵاتانی دراوسێی کردووە لەنێویاندا چاد، میسر، باشووری سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست. بەمەش کۆی ئەو یارمەتییانەی کە ئەمریکا لە بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٣ پێشکەشی ئەو وڵاتانەی کردووە، رێژەکەی دەگاتە نزیکە ٨٨٠ ملیۆن دۆلار.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لە بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هاوبەشەکانی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک و ئاو و چاودێری تەندروستیی کراوەتەوە.

لە ناوەڕاستی نیسانەوە رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لەنێوان سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی باکوور و رۆژئاوای سوودان سەریهەڵداوە و تاوەکو ئێستا شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەردەوامە.

 













گەلەری