سەردێڕ:

هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا ئاشکرا کرا

PM:01:46:24/05/2023

3436 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند، تورکیا پێی وتوون بەهۆی چەند کێشەیەکی هونەرییەوە تاوەکو ئیستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە دەستیپێنەکردووەتەوە.


فه‌رهاد عه‌لادین راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە لە لێدوانێکدا بۆ میدیا جیهانییەکان باسی لەوەکرد، لە سەرەتادا تورکیا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی دواخستووە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک لەبارەی ئەو ١.٥ ملیار دۆلارەی وەک غەرامە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاش ئەوەی ریککەوتننەکە نەکراوە تورکیا پێی وتوون بەهۆی کێشەی هونەرییەوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت ناکەنەوە، دەشڵێت، "رەنگە ئێستا هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاری لەپێشینەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بێت و سەقاڵی کێشەی بۆرییە نەوتەکان نەبن."
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق لە هەوڵدایە بۆ دووبارە بەکارخستنەوەی بۆرییە نەوتەکانی سعودیە و سوریا و لە هەوڵیشدایە هێڵی بۆرییەکانی بەسرە بۆ عەقەبە دووبارە بکەونەوە کار.

لە ٢٥ـی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی دادگای پاریسی لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردوەتەوە. تورکیاش وتی، "رێز لە بڕیارەکەی دادگای پاریس دەگرین." دواتریش هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا راگیرا.













گەلەری