سەردێڕ:

خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەوە

PM:12:29:24/05/2023

2068 جار خوێندراوەتەوە

خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە هەولێر لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوای چارەسەری کێشەکانیان دەکەن و دەڵێن، " بەڵێنمان پێدەدەن بەڵام نایبەنە سەر."


ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە هەولێر گردبوونەوە و داوای دابینکردنی خزمەتگوزاریان بۆ زەوییەکانیان و رێگەپێدانیان کرد بۆ دروستکردنی خانو لەسەر زەوییەکانیان.

یەکێک لە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان داوادەکەن خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکەیان دابینکرێت و رێگەپێدان بکرێت بۆ خاوەنی ئەو زەوییانەی رووبەرەکەی ١٢٥ مەترە دەست بکەن بە دروستکردنی خانو.

خاوەن زەوییەکان باس لەوەدەکەن، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رێگە نادات ئەو زەوییانەی ١٢٥ مەترن بکرێن بە خانو چونکە ئەگەر ئەو ڕیگەپیدانە بکرێت گەڕەکەکە بە زووی ئاوەدان دەبێتەوە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ناچار دەبێت تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابینبکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمە جاری ٣٨ـەمینە ئەو خاوەن زەوییانە گرددەبنەوە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن بۆ زەوییەکانیان. 

لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١دا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم سەردانی زەوییەکانی ٨ی حەسارۆکی کرد و لەو کاتەدا رایگەیاند، "دامودەزگا پەیوەندیدارەکانم ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا، کێشەکانی ئەو زەوییانە چارەسەر بکەن و مۆڵەتی بیناکردن بدرێت و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەستپێبکات، لە شوێنەکانی تریش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن."














گەلەری