سەردێڕ:

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق: پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان یەک ملیۆن هەلی کار دەڕەخسێنێت

PM:11:12:23/05/2023

4056 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە قۆناغی سەرەتای جێبەجێ کردن ١٠٠ هەزار هەلی کار دەرەخسێنێت و لە دوای جێبەجێ کرنی ئەگەری هەیە یەک ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنێت و وتیشی، "ئەو پڕۆژەیە دەبێتە دەماری نوێی ئابوری عێراق."


ناسڕ ئەسەدی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان دەبێتە دەمارێکی نوێی ئابوری عێراق و بڕگەی گرنگ لە خۆ دەگرێت لەوانە پتەو کردنی رۆڵی ئابوری عێراق و کۆمەڵەی وڵاتانی دراوسێ.

ناسڕ ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کرد، نەخشەی ئابوری لە ناوچەکە بریتییە لە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی گرنگ لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا و عێراقیش دەبێتە بەشێکی گرنگی ئەو نەخشەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وڵاتانەی بۆ دەستپێکی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بانگهێشت کراون ئامادەی کۆنگرەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەبن و کە لە رۆژی شەممە بەڕێوە دەچێت و وتیشی، "ئەنجوومەنی هەماهەنگی کەنداو ئامادەیی دەبێت."

باسی لەوەش کرد، پڕۆژەی رێگای وەبەرهێنان ١٠٠ هەزار وەک هەنگاوی سەرەتا ١٠٠ هەزار هەلی کار دەرەخسێنێت و لە دوای جێبەجێ کردنی ئەگەری هەیە یەک ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنێت.

ئەوە لە کاتێک دایە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگای گەشەپێدان، بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٨ بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە درێژییەکەی ١٢٠٠ کیلۆمەترە و شەمەندەفەرەکانی کارەبایی دەبن و بە تەکنەلۆژیای نوێ کار دەکات و بە ١٠ پارێزگای هەرێمی کوردستان و عێراق دا گوزەر دەکات.

هەروەها کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنینی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، "کۆی تێچووی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان ١٧ ملیار دۆلارە، چونکە تێچووی راکێشانی هێڵی ئاسنین ١٠,٥ ملیار دۆلارە و ٦,٥ ملیار دۆلاریش بۆ دروست کردنی رێگای خێرا تەرخان دەکرێت".













گەلەری