سەردێڕ:

زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەنگیان دا

PM:09:24:23/05/2023

3504 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئاماری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی تورکیا بەشدارییان لە پڕۆسە دەنگدانی پەیوەست بە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کردووە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٦١٥ هەزار دەنگدەر.


لە رێکەوتی ٢٨ی ئایار پڕۆسەی دەنگدانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ناوخۆی وڵات بەڕێوەدەچێت و پێشتر پڕۆسەی دەنگدانی هەمان هەڵبژاردن لە دەرەوەی تورکیا دەستی پێکرد و ملیۆنێک و ٦١٥ هەزار کەس دەنگیاندا.

لە رێکەوتی ٢٠ی ئایارەوە پڕۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا دەستی پێکردووە، هاوکات پڕۆسەکە لە کونسوڵخانە و بالیۆزخانەکانی تورکیا و دەروازە سنورییەکان بەرێوەچووە.

هاوکات، سبەی چوارشەممە ٢٤ى ئایار، لە کاتژمێر ٠٥:٠٠ ئێوارە بە کاتی تورکیا، پڕۆسەی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەى ئەو وڵاتە کۆتایی پێدێت.

بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری ٤٩,٥٢٪ی دەنگەکانی بە دەستهێنا و کەمال کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت ٤٤,٨٨٪ی دەنگەکانی بە دەستهێنا.

ئەمە لە کاتێک دایە ئێوارەى ٢٢ى ئایارى ٢٠٢٣، سینان ئۆغان کاندیدى هاوپەیمانى ئاتا لە خولى یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا لە پرێس کۆنفڕانسێک کە لە ئەنقەرە بۆى رێکخرا بوو، پشتیوانی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەو وڵاتە دەربڕی.













گەلەری