سەردێڕ:

نەخۆشیی پاقلە چییە؟

AM:11:33:23/05/2023

8948 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەدەی منداڵان رایگەیاند، نەخۆشیی پاقلە نەبوونی ئەنزیمێکە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا کە دەیان پارێزێت لە شیبوونەوە لە کاتی خواردنی هەندێ جۆر خواردن و دەرمان، یان لە کاتی هەوکردن بە ڤایرۆس یان بەکتریا.


پشدەر عەبدوڵا پزیشکی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەدەی منداڵان ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشیی پاقلە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکانی لە ڕێگەی کڕۆمۆسۆمی (X) ەوە ، کەواتە منداڵی کوڕ زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشیە ئەبێت بەوەی تەنها یەک کڕۆمۆسۆمی X ی هەیە، بەڵام بۆ تووشبونی کچ پێویستە هەردوو کڕۆمۆسۆمەکە هەڵگری نەخۆشیەکە بن یان یەکێک لە کڕۆمۆسۆمەکان چالاک نەبێت.

باسی لەوەشکردووە، کەمتر نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە دەرئەکەون لە حاڵەتی هەبوونی نەخۆشیەکەشدا، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی دەرکەوتن بە یەکێک لەم رێگایانە ئەبێت :

۱-لە تازە لە دایکبوودا بەشێوەی زەردویی و کەم خوێنی.

۲-لە گەورەدا زەردویی دەگرێت وە خوێنی کەم دەکات بەشێوەیەکی کوتوپر,  ڕەنگی کاڵ دەبێت و ڕەنگی میزەکەی تۆخ وەک چای لێدێت لە دوای خواردنی یەکێک لەو خواردن یان دەرمانانەی لە خوارەوە باسی دەکەین ، یان هەوکردنی هەبێت.

باسی لەوەشکردووە ئاستی دەرکەوتنی نیشانەکان بە گوێرەی جۆری خواردن و دەرمانەکە کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکا دەگۆڕێت، بڕی خواردنەکە یان بڕی دەرمانەکە، یان بڕی نەبوونی ئەنزیمەکە لە منداڵەکەدا.

دەشڵێت،لە کاتی خواردنی ئەم خواردن و دەرمانانەدا شیبوونەوەی خڕۆکە سورەکان درووست ئەبێت:

۱-هەندێ جۆر دەرمان وەکو هەندێ دژە بەکتریا، دەرمانی چارەسەری مەلاریا ، ئەسپرین ، پاراسیتامۆڵ.

۲-هەندێ ماددەی کیمیایی وەک بەنزین و نافسالین .

۳- هەوکردنی بەکتریا یان ڤایرۆس.

٤-تەنها ئەو کەسانەی ئەو جۆرە نەخۆشیەیان هەیە بە خواردنی پاقلە تووشی کەم خوێنی ئەبن ,ئەگەری هەیە بە بۆنی باقلەش توش بن.

هەندێ خواردن و خواردنەوەو دەرمانی تر هەن ئەگەری هەیە خوێن شی بکاتەوە بەڵام وەک باقلە هوکاری سەرەکی نییە وەک: نیسک , فاسوڵیا , نۆک , گەنمەشامی , کاتشاپ, خواردنی موعەلەب , شەربەتی گیراوە , ئاوی بیر, خەنە, ئیندۆمی, ماجی , مەعجونی ددان, دۆشاوی تەماتە, چا , وەهەندێ شتی تر.

لەبارەی چارەسەری نەخۆشییەکە بە تەواوی ئەو پزیشکە دەشڵێت، ئەو نەخۆشیە چاک بوونی نیە لەگەڵ تەمەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەکانی کەمتر دەرئەکەون، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا.

ئەوەشی خستووەتەروو، پێویستە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکەیان نەخۆشی پاقلەی هەیە زۆر ئاگاداری منداڵەکەیان بن لە خواردنی ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی نەخۆشییەکە، لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشکەکە بڵێن کە ئەو نەخۆشیەی هەیە، بەردەوام ئاگاداری ڕەنگی پێستی،لەگەڵ ڕەنگی میزی نەخۆشەکە بن .













گەلەری