سەردێڕ:

روسیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێدانی فڕۆکەى ئێف-١٦ بە ئۆکرانیا راگەیاند

PM:11:48:22/05/2023

4932 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکى باڵاى روسیا رایگەیاند، ناردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ بۆ ئۆکرانیا گومان لە بارەی تێوەگلانی هاوپەیمانى ناتۆ لە جەنگى وڵاتەکەى لەگەڵ ئۆکرانیادا دروست دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی روسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رایگەیاند، "هیچ گرەنتییەک نییە بۆ کارپێکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-١٦ لە ئۆکرانیا، هەروەها ژمارەی پێویستی فڕۆکەوان و کارمەندانی چاککردنەوەش بوونی نییە."

باڵیۆزى روسیا لە ئەمریکا ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەگەر فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکە ئاسمانییەکانی ناتۆ کە لەلایەن خۆبەخشە بیانییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون، بفڕن، چی روو دەدات؟".

رۆژی هەینی رابردوو، جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەرنامەی راهێنانی فڕۆکەوانی ئۆکرانی لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-١٦ پەسەندکرد و ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دڵنیایی دا بە سەرۆکى ئەمریکا کە فڕۆکەکان بۆ چوونە ناو ئاسمانی روسیا بەکارناهێندرێن.

ئەنتۆنۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هێرشێکی ئۆکرانیا بۆ سەر نیمچە دوورگەی کرێمیا بە هێرش بۆ سەر روسیا هەژمار دەکرێت، گرنگە ئەمریکا بە تەواوی ئاگاداری وەڵامدانەوەی روسیا بێت بۆ هەر هێرشێکی لەم جۆرە.

ئەمە لە کاتێکدایە، جۆ بایدن دوێنێ رایگەیاند، "دڵنیایی بێ دوو دڵی" لە هاوتا ئۆکرانییەکەی؛ ڤۆلۆدیمێر زیلێنیسکی وەرگرتووە کە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-١٦، بەکارنەهێنێت بۆ چوونە ناو ئاسمانی روسیا، بەڵام بایدن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە دەتوانرێت فڕۆکەی ئێف-١٦ لەهەر شوێنێکی ئۆکرانیا کە هێزەکانی روسیای تێدا بێت بەکاربهێندرێت.

هەروەها زیلێنسکی دوێنێ رایگەیاند، دڵنیایە کیێڤ فڕۆکەی ئێف-١٦ لە وڵاتانى رۆژئاوا وەردەگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەرپەرچدانەوەی لەشکر کێشییە بەرفراوانەکەی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی.













گەلەری