سەردێڕ:

هاتوچۆی سلێمانی: تەنها ئەمڕۆ کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ زیاتر لە ٣٨٥ هەزار سەرپێچییان تۆمارکردووە

PM:11:15:22/05/2023

18792 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، تەنها لە ئێوارەی ئەمڕۆ کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵی سەر رێگای تاسلوجە – دوکان ٣٨٥ هەزار حاڵەتی تیژڕەوییان تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا کامێرەکان لە تاقیکردنەوەدان و پێبژاردن بۆ هیچ شۆفێرێک ناکرێت تا ٢٩ی ئەم مانگە.


بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە سلێمانی کە لەسەر رێگای تاسڵوجە بۆ دوکان جێگیرکراون ٣٨٥ هەزار حاڵەتی تیژڕەوی شۆفێرانیان تۆمارکردووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژمارەیە تەنها لە ئێوارەی ئەمڕۆدا بووە، بە کۆی رۆژەکە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووە، بەڵام هیچ پێبژاردنێک بۆ شۆفێران تۆمارنەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە شۆفێرانی شاری سلێمانی دەکات واز لە دیاردەی تیژڕەوی بهێنن سەرەتا لەپێناو سەلامەتییان و دواتر لە پێناو ئەوەی توشی پێبژاردن نەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای تاسلوجە بۆ دوکان لە شاری سلێمانی بە شێوەی تاقیکاری دەخرێنە کار و هیچ پێبژاردنێک تۆمار ناکرێت.

وتیشی، "لە رێکەوتی ٢٩ی ئەم مانگە سەپێچی شۆفێران لەلایان ئەو کامێرایانەوە تۆمار دەکرێت."
گۆران لوقمان، سلێمانی













گەلەری