سەردێڕ:

بە سەرۆکایەتى ئەمریکا هێزێکى دەریایى هاوبەش لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست درووستدەکرێت

PM:10:33:22/05/2023

3820 جار خوێندراوەتەوە

هێزى هاوبەشى نێودەوڵەتى دەریایی بە سەرۆکایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئاشکرایکرد، بە مەبەستى پەرەپێدانى ئاسایشى دەریایی لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بڕیاریان داوە، تیمێکى دەریایى تایبەت درووست بکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەدمیراڵ براد کۆپەر فەرماندەى کەشتی گەلى پێنجەمى سەر بە هێزە دەریاییە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، پێکهێنانى تیمى ١٥٤، ئەوە دەردەخات کە هێزە دەریاییەکانى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، پابەندى تەواوى هەیە بە پەرەپێدان و فراوانکردنى ئاستى هێزەکانى ئاسایشى دەریایی لە ناوچەکە.

ئەو تیمە نوێیەى پێکدەهێندرێت ناوى تیمى ١٥٤ى لێنراوە و مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت لە پێنج بوارى جیاوازدا، کە بریتین لە شارەزایى لە بەرامبەر کارى دەریاوانى و یاساکانى دەریاوانى و ئۆپراسیۆنى رێگەگرتن و ئۆپراسیۆنى رزگارکردن و پەرەپێدانىى سەرکردایەتیکردنى هێزى دەریاوانى.

بە گوێرەى زانیارییەکان، ئەو تیمە کە لەلایەن ئەفسەرێکى هێزى دەریایی ئەمریکییەوە سەرپەرشتى دەکرێت، بەم نزیکانە لە چەند ناوچەیەکى جیاوازى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست مەشق و راهێنانەکانیان دەستپێدەکەن، ئەمەش رێگە بۆ وڵاتانى بەشدار لەو هێزە تایبەتە درووست دەکات، شارەزایی لە مەشقى دەریایی و بەکارهێنانى کەشتى سەربازى و فڕۆکە پەیدا بکەن.

ئەمە لەکاتێک دایە، هەریەک لە روسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لە هەوڵى ئەوەدان هاوپەیمانى نوێ بۆ بەرەى خۆیان کۆ بکەنەوە و تاکو هەژموونى یەکتر لە ناوچەکە لاواز بکەن.

دواى جەنگى روسیا لەگەڵ ئۆکرانیا، روسیا لە هەوڵى درووستکردنى بەرەیەکى فراوان دایە و بۆ ئەو مەبەستە رووى لە وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفەریقا و کەنداوى عەرەبى کردووە و لە چەندین بواردا هەنگاوى ناوە.













گەلەری