سەردێڕ:

سینان ئۆغان پشتیوانی خۆی بۆ ئەردۆغان یەکلا کردەوە

PM:05:28:22/05/2023

28676 جار خوێندراوەتەوە

سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربڕی.


ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە، سینان ئۆغان کاندیدى هاوپەیمانى ئاتا لە خولى یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا لە پرێس کۆنفڕانسێک لە ئەنقەرە بۆى رێکخرا بوو، پشتیوانی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەو وڵاتە دەربڕی.

پێشتر عەبدولقادر سێلڤی، نوسەری رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی و نزیک لە پارتی داد و گەشە پێدانی تورکیا (ئاکپارتی) کە لەلایەن ئەرۆدغانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، رایگەیاند بوو سینان ئۆغان پشتیوانی ئەردۆغان دەکات، هۆکارى ئەو بڕیارەى سینان ئۆغانیشى ئاشکرا کردبوو "بەهۆی پشتیوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو ناکات".
بە گوێرەى زانیارییەکانى ئەو رۆژنامەنووسە تورکە، هەریەک لە سینان ئۆغان و رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون
.

لە خاڵی یەکەمی رێککەوتنی نێوانیان دا هاتووە، نابێت دەستکاری ماددەی یەکەمی دەستوور بکرێت و رێگە نەدرێت بە لابردنی پێناسەی تورکی لە دەستوور دا، لە خاڵی دوەمیش دا هاتووە، دەبێت بەرەنگار بوونەوەی هەموو جۆرە "رێکخراوێکی تیرۆریستی و تیرۆر" بەردەوامی هەبێت.

لە خاڵی سێیەمی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دەبێت وردە وردە پەنابەران لە چوارچێوەی پلانێکدا رەوانەی وڵاتەکەیان بکرێنەوە، هەروەها خاڵی چوارەمیش باس لە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووری دەکات کە لەگەڵ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دا بگوونجێت.

بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری ٤٩.٥٢٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵیچدارئۆغلو ٤٤.٨٨٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

سینان ئۆغان سیاسەت مەدارێک و توێژەرێکی ستراتیژی تورکییە و تەمەنی ٥٤ ساڵە و سەرۆکی پارتی یەهەپەیە و کاندیدی هاوپەیمانی ئاتایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا.

 













گەلەری