سەردێڕ:

پاش شەڕەکەی پەرلەمان؛ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجام دا

PM:01:50:22/05/2023

4956 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە بەشداری جێگرەکەی کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێم کردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، پاش گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە پەرلەمان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا کرد.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچوو خراوەتەڕوو، کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەند کرا.

ئەوە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی دوێنێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕگەیەکی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان زیادکرد کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بوو، ئەمڕۆ بەهۆی ناڕازیببونی فراکسیۆنی یەکێتیەوە گرژی دروستبوو.

سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە سەرەتای دانیشتنەکەدا رایگەیاند، ئەو کارە ناپەیڕەوانەیە و دانیشتنەکەی دواخست. و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەسەڵاتی دانیشتنی پەرلەمان و کردنەوەی دانیشتن و دواخستنی دانیشتنەکان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و لەبەر ئەوە دوای دواخستنی، دانیشتنی ئەمڕۆ هیچ بەهای یاسای و پەیڕەوی نابێت.

لایخۆشیەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کراوەتەوە.

هاوکات هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ٣٢ ساڵە نەبینرا پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر مافی خەڵک لە پەرلەمان شەڕ بکەن، کەچی ئێستا هەریەکە لەو دوو حیزبە لەسەر ئەندامی یەک کۆمسیۆن کردویانە بە هەرا.













گەلەری