بە واژۆی هەریەک لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و موننا قەهوەچی بڕیاردەری پەرلەمانی ماوەبەسەرچووی هەرێم، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن خرایە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستانەوە.
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆ بکات؛ یەکێک لەو تەوەرانە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانە کە ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی داوایکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان زیاد بکرێت و پەرلەمانیش ئەو بڕگەیەی خستە بەرنامەی کارەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان (تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە) واژۆی نەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە و
دوای کۆبوونەوەکەش فراکسیۆنی پارتی داوای کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی
ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. کە بڕیارە کاتژمێر
١٠:٠٠ـی بەیانیی سبەی دووشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.
بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی
هەڵبژاردنەکان دوای گوشاری ناوخۆیی (سکاڵای نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی کە بڕیارە ٢٤
ئەم مانگە بەڕێوەبچێت) و فشارە دەرەکییەکان دێت، رۆژی ١٨ی ئەم مانگەش جینین پلاسخارت لە کۆبوونەوەی
ئەنجومەنی ئاسایشدا پەیامێکی ئاراستەی پارتی و یەکێتی کرد و راگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردن
نەکەن متمانەی خۆتان لەدەستدەدەن.
پێشتریش کونسوڵخانەی
١٢ وڵاتی ئەوروپا فشاریان خستبووە سەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی
هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا.
هەر دوێنێ شەممە
ئالینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە هەژماری تویتەری خۆیەوە رایگەیاند،
لە بارەی هەڵبژاردنەوە گفتوگۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، داوای لە هەردوولا کردووە گرنگی بدەن بە چاکسازی
و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و کات تەرخان بکەن بۆ بەهێزکردنی مافی مرۆڤ و هەڵبژاردنەکان
لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە
زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،
داوایان کردووە لە دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا دوو بڕگە زیاد
بکرێن کە ئەوانیش: کاراکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای کۆمیسیۆن و راپرسیی هەرێمی
کوردستانن، هەروەها ئەو دوو بڕگەیە بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە
رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
کراون.