وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، ئێران هەناردەى غازى سرووشتى بۆ وێستگەکانى کارەباى باشوورى عێراق راگرت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، لە کاتێکدا وەزارەتەکەیان لە هەوڵى بەردەوام دایە، بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبا و چاکسازى لە یەکەکانى بەرهەمهێناندا، بەڵام ئەمڕۆ لایەنى ئێرانى ئاگاداریان کردوونەتەوە کە بەهۆى کێشەى تەکنیکیەوە، هەناردەى غازى سرووشتى بۆ وێستگەکانى باشوورى عێراق رادەگرن.
وەزارەتى نەوتى عێراق راشیگەیاندوە، هەناردەى
غازى سروشتى ئێران بۆ وێستگەکانى بەسڕە و نەجەف و فوراتى ناوەڕاست راگیراوە، کە
تواناى ئەو وێستگانە لە بەرهەم هێنانى کارەبا زیاتر لە هەزار مێگاوات کارەبایە.
لای خۆیەوە زیاد فازڵ وەزیرى کارەباى عێراق،
داوایکردووە، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق چڕدەکەنەوە، تاکو
بتوانن بەهۆى نەمانى غازى سرووشتى ئێرانەوە، قەرەبوویان بۆ بکرێتەوە لەو بڕەى کورت
هێنانى درووستکردووە لە وێستگەکانى باشوورى عێراق.
هاوکات وەزارەتى کارەباى عێراق لە راگەیەندراوێکدا داواى لە هاوڵاتیان کردووە، هاوکاری وەزارەتەکەیان بکەن بە کوژاندنەوەى ئامێر و
گڵۆپى نا پێویست، تاکو بتوانن ئەو لۆدەى لەسەر وەزارەتى کارەبا درووست بووە لە کەم
بوونەوەى بەرهەم هێنانى کارەبا، بتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن و کارەبا بدەنە زۆرترین ناوچە.
سەربارى ئەوەى لە کابینەى پێشترى حکومەتى عێراق،
بڕیاریدرا ئاستى هاوردەى غازى سرووشتى لە ئێرانەوە بۆ ١٣ ملیۆن پێ سێجا زیاد بکرێت،
بەڵام ناو بەناو راگرتنى هاوردەى غاز رادەگیرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوەڕاستى
مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ ئێران هەناردەى غازى بۆ عێراق راگرت و بەو هۆیەشەوە،
ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، حەوت ھەزار
و ٥٠٠ میگاوات کەمبووەوە.
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی
بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا
ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت.
هاوکات حکوومەتى عێراق بەردەوامە لە گفتووگۆ
لەگەڵ هەریەک لە عەرەبستانى سعوودیە، ئوردن، تورکیا و وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی تۆڕی
کارەباکەی ببەسترێتەوە بەو تۆڕەی ئەو وڵاتانە تیایدا بەشدارن.
لە عێراق بە گشتی ٢١ بۆ ٢٢ هەزار مێگاوات
کارەبا هەیە، کە نزیکەی سەدا ٣٥ی بەهۆی غازی ئێران بەرهەم دەهێندرێت.