سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی دیداری لووتکەی وڵاتانی جی حەوت لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن و لە میانی دیداری لووتکەی جی حەوتدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە و باسی لەوە کرد، چەک و زرێپۆش بۆ ئەو وڵاتە دابین دەکەن.
هاوکات، سەرۆکی
ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا بە گوژمەی ٣٧٥ ملیۆن دۆلار
راگەیاند. وتیشی، "پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەین و جێی ناهێڵین".
لایخۆشیەوە زیلینسکی لە تویتێکدا دەڵیت، لە میانی لووتکەی جی حەوتدا لەگەڵ بایدن کۆبووەتەوە و
سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەو ٣٧ ملیار دۆلار پشتیوانی دارایی و ئەو ٣٧٥ ملیۆن
دۆلار هاوکارییە سەربازییەی پێشکەشی وڵاتەکەی کردووە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، بایدن بڕیاریداوە پشتیوانی هاوپەیمانی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی ئۆکرانیا بکات و
لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتووگۆیان لەسەر پڕۆژەکانی بنیاتنانەوەی ئۆکرانیا و زیادکردنی
هەماهەنگییەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی وڵاتەکە و جێبەجێکردنی هاوکێشەی
ئاشتی ئۆکرانیا کردووە.
راشیگەیاند، لە
کۆبوونەوەکەدا باس لە بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هەمەهەنگییەکانی نێوان ئەورووپا-ئەتڵەس
و لووتکەی ناتۆ لە ڤیلینوسی پایتەختی لیتوانیا و گرتنەبەری دڵنیایی ئەمنی بەرلە ئەندامێتی
ئۆکراینا لە رێکخراوی ناتۆ کراوە.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ماوەی زیاتر لە ساڵێک جەنگ جۆ بایدنی
سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا سێ جار چاویان بەیەک کەوتووە
و ئەمریکا بەردەوام باس لەوەدەکات خۆی و هاوپەیمانەکانی پاڵپشتی سەروەری خاکی ئۆکرانیا
دەکەن.